زاوا لــە بـــوکێ مەدە )
هونەرمەند ( ابڕاهیم سابیر ) لە ساڵی ( ۱۹٤۹ ) لە شاری کۆیە لە دایک بووە ، تاکو پۆلی ( ۳ ) ی ناوەندی خوێندوە خەریکی باغەوانی بووە لە باغەکانی ( ئۆمەر خوچان ) لە هەرزەکاریەوە دەنگێکی خۆشی هەبووە بەردەوام لە ناو باغ و کاتی ڕنینەوەی ( هەنار ) بە گۆرانی گۆتنەوە کارەکەی کاری دەکرد ، لەو کاتانەش کۆمەڵێک کەسایەتی کۆیە کە ئەوسا قوتابی بوون بۆ وانە دەچونە باغەکانی ئۆمەر خوچان بونە هاندەری ابراهیم سابیر تاکو پەیوەندی بە ( تیپی باواجی کۆیە ) وە بکات ، ئەوانەش ( هونەرمەند جۆیا - شێرزاد حەوێزی - عسمان حمە صالح - حەوێز نادر - حەمەد کریم ) .
لە ساڵی ( ۱۹۷۲ ) پەیوەندی بە باواجیەوە کرد کە ئەوکات مامۆستاو هونەرمەند ( زاهیر مەدانە ) سەرۆکی تیپی باواجی کۆیە بوو ، ابڕاهیم سابیر بۆماوەی ( ٦ ) مانگ بە کۆڕس وەرگیرا لەسەردەستی هەردوو هونەرمەندی خۆشەویست ( وریا احمد - سەردار احمد ) پێگەیشت .
هەر لەو ساڵەدا ابڕاهیم سابیر ( ۲ ) گۆرانی تۆمار دەکا بە هاوکاری مامۆستا زاهیر مەدانە گۆرانیەکانیش ( پەروانە و زاوا لە بوکێ مەدە ) کە ئەو گۆرانیە دەنگو سەدایەکی زۆری دایەوە .
ابڕاهیم سابیر لە ساڵی ( ۱۹۷٤ ) پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات و شار جێ دەهێڵێ لەوێ لەگەڵ ( تیپی مۆسیقای شۆڕش ) لە ئێران بەرهەمێک تۆمار دەکا بە ناوی ( ئەو چاوانەی هەڵیان دێنی ) .
دووای گەڕانەوە هونەرمەند لەگەڵ ( تیپی هونەری هەولێر ) چەند بەرهەمێک تۆمار دەکا بە ناوەکانی ( ئۆف سەلام - یارم بێ شانە - هەتیوێک بووم لە کاروان ) .
دوایی دەگەڕێتەوە تیپی باواجی کۆیەو ( ۹ ) بەرهەمی تر تۆمار دەکا بە ناوەکانی ( ئەسمەران - بەلالوک - مەریەمێ ) هتد .
هونەرمەند ابراهیم سابیر زۆربەی گۆرانیەکانی لە کەناڵەکان لێدراوە بە تایبەتیش تەلەفیزیۆنی کەرکوک وە زیاتر لە ( ٦٥ ) بەرهەمی هونەری هەیە تاکو ئێستاش تەنیا یەک بەرهەمی بە کلیپ کراوە ئەویش بە ناوی ( ساقی ) . بەو هیوایەی ئاوڕێک لەو هونەرمەندە بدرێتەوە کە شایستەیەتی و خزمەتێکی زۆری هونەری گۆرانی کوردی کردووە .

0 تعليقات