( مەردومی ما ڕەهاکن ، مەردومی ما ڕەهاکن )


 ( مەردومی ما ڕەهاکن ، مەردومی ما ڕەهاکن )

ْ باسێک دەربارەی (دەروێش خدر )
دەروێش خدر لە حوجرەیەکی مزگەوتی (کۆنە جمعە) دادەنیشێ و تەکیەی دەبێ ، هەتا پێی کرابێ خەریکی خوا پەرستن بووەو زۆر کەم هاتیتە دەرێ ، موریدێکی هەبوو خزمەتی دەکرد ، ڕۆژێک موریدەکەی بە ئیش دەچیتە بازاڕ لەو وەختەدا ( هەیتە ) خەڵکیان بە تۆبزی پێش خۆیان دەدا بۆ ئێگاران دەیان بردن ، کابراش هەرچەند دەڵێ لێم گەڕێن من موریدی ( دەروێش خدرم ) گوێی نادەنێ دەنێ و دەیبەنە سەراو حەپسی دەکەن .
دەروێش خدر هەرچەند خەڵکی دەنێرێ موریدەکەی لۆ بەرنادەن ، چارەی نامێنێ بۆ خۆی بەو ئیختیاریەوە دەچێتە سەراو تکا لە سەرکردەکە دەکا (ئەم کابرایە لۆ خزمەتی من بەردەن ) وە هەرچەند تکا دەکا قبوڵی ناکا ، دەروێش بە ناچاری دڵشکاوی دەگەڕێتەوە تەکیەکەی ، وە سەر کردەی حکومەت دەلێ ئەوە بەمن ناکرێ هەر دەروێش و شێخەک هات من ڕجای وەربگرم ئەگەر وابێ ئیشم پێ ناکرێ .
دەروێش خدر – گەلێک دوعای لێ دەکا کە دەروێش دەگاتەوە جێی خۆی کاکی سەرکردە لە دائیرەی بای لە زگی دەوەستی و دەست دەکا بە ژان کردن وردە وردە زگی دەئاوسێ و حەجمینی نامێنێ ، هەندێک پێی دەڵێن وابزانین ئەمە دڵی ( دەروێش خدر ) یت شکاندووە بۆیە وات لێهاتووە ، سەرکردە دەڵێ جارێ خێرا پیاوەکەی لۆ بەردەن وە بانگی دەروێشم بۆ بکەن تا دڵی چاک بکەمەوە ، کە لە دووای دەچن ( دەروێش ) دەڵێ من چیدی پێم ناکرێ بێمە سەرا ئەگەر پێتان دەکرێ ئەو بێتە ئێرە ئەویش دەقە بە دەقە حاڵی پەرێشانتر دەبێ ناچار بە چوار دەستەکی دەیبەنە مزگەوت خەڵکێکی زۆریان بە دووا دەکەوێ و لەبەر دەمی دەروێش خدری ڕای دەخەن ئەویش داردەستەکەی بەسەر سینگ و زگی دادێنێ و دەڵێ ( مەردومی ما ڕەهاکن ، مەردومی ما ڕەهاکن ) یەعنی پیاوی ئێمە بەڕەڵا بکەو بیحەسێنەوە هەر کە داری بە زگی دادێنێ لە پێش چاوی ئەو خەڵکەی کاکی سەرکردە تڕ تڕ بای لێ بەردەبێ و دەنگ دەداتەوە هەتا بە تەواوی زگی دەنیشێتەوەو ئەستورایی نامێنێ ، کاکی سەرکردە ڕاست دەبێتەوەو تۆبەی دەکاو دەستی دەروێش خدری ماچ دەکا ڕوخسەتی لێ دەخوازی بەو مەرجەی جارەکی تر دڵی کەس نەیەشێنێ و بێگار بەکەس نەکا ، ئیدی دەڕواو دەگەڕێتەوە سەراو دەبێتە موخلیصی ( دەروێش خدر ).
(مەلا عەلی کوڕی مەلا عبدالرحیمی ئیمامی مزگەوتی کۆنە جمعە لە ٢٠/٦/١٩٥٨ ) گێڕایەوە .
____
دەروێش خدر پیاو چاکێکەو گونبەتێکی لەسەر کراوەو گۆڕستانێکی گەورە بە ناوی ئەوەوە ناونراوە ( گۆڕستانی دەروێش خدر ) بەڵام لەپێش دەروێش خدر ئەم شوێنە هەر گۆڕستان بووەو بەشێکی زۆری زەوی بەراو بووەو ناوی پێشوی نەماوە ، کەوتیتە ئەو دیوی ڕوباری کۆیەو گوندی (کافرۆشی) .

0 تعليقات