تیروپشکى ناوى حاجییان بۆ حەجى ساڵى ٢٠٢٤ ئەنجامدرا

 




تیروپشکى ناوى حاجییان بۆ حەجى ساڵى ٢٠٢٤ ئەنجامدراو هەر ئەمڕۆ ناوەکان ڕادەگەیەنرێت، لە تیروپشکەکەدا زیاترلە 121 هەزار ناو هەبوون و لەو ژمارەیە 4 هەزار و 174 کەس هەڵدەبژێردرێن.
 
ئەمڕۆ 16ى 12ى 2024، شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: 65 هەزار و 195 داواکاری حەجی ساڵانی پێش ساڵی 2020یان لەبەردەستدا ماوەتەوە؛ ئەم ساڵیش 56 هەزار و 669 کەس داوایان بۆ چوونە حەج پێشکێش کردووە کە کۆی داواکارییەکە دەبێتە 121 هەزار و 864 کەس، لەکاتێکدا پشکی حەجی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 چوار هەزار و 174 کەس دەبێت.
 
ڕاشیگەیاند:، ئەمساڵ دەرفەتی ئەو کەسانەی کە ساڵانی رابردوو ناویان تۆمارکردووە 60%ـە و ئەوانەشی ئەم ساڵ ناویان تۆمار کردووە 40% دەبێت. 
 
بە گوێرەی تیروپشکەکە، ئەوانەی ساڵانی رابردوو ناویان تۆمار کردووە 2 هەزار و 504 کەسیان بۆ حەجی 2024 ناویان دەردەچێت و ئەوانەشی ئەم ساڵ ناویان تۆمار کردووە هەزار و 670 کەسیان ناویان دەردەچێت.
 
شێخ نیاز نەقشبەندی ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هەڵبژاردنی تەواوی دەرچوواندا ژمارەیەک یەدەگیش هەڵدەبژێردرێن؛ وتیشی، "ئەوانەی ئەم ساڵ ناویان دەرناچێت و ئەوانەشی بە یەدەگ ناویان دەردەچێت هیچیان ساڵی داهاتوو ناویان نایەتەوە. ساڵی داهاتوو سیستمی حەج بۆ ئۆنلاین دەگۆڕێت و هیچ ناوێکی کۆن نامێنێت؛ هەموو هاونیشتمانییەک دەتوانێت لە ماڵی خۆیەوە و بە مۆبایلەکەی داوای چوونە حەج تۆمار بکات".
 
تیروپشکەکە کۆتایی هاتووە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ ناوەکان بە فەرمی رابگەیەندرێن.

0 تعليقات