فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بۆ چێشتلێنان لە کۆیە بەڕێوەچوو

 

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بۆ چێشتلێنان لە کۆیە بەڕێوەچوو

راپۆرتی/ هاوژین عەبدولواحید

 رۆژی چوارشەممە (4 / 10 / 2023)  لە سنووری قەزای کۆیە لە ناحیەی ئاشتی لەسەر زێی بچووک لە کۆمەڵگەی یادی گەشتیاری یەکەم فێستیڤاڵی کوردستانی- عیراقی نێودەوڵەتی بۆ چێشتلێنان بەڕێوەچوو بەسەرپەرشتی  دەستەی گەشتوگوزار، کە لەلایەن رێکخراوی ماڵی شێفەکانی کوردستانەوە بۆ گەشەپێدان رێکخرابوو، بە بەشداری  150 شێفی بەناوبانگ  لە 32 وڵاتی جیاوازەوە هاتبوون و لە سێ رۆژی پێشتردا لە هەولێر پێشبرکێی تام و چێژ لە نێوان ئەم شێفانەدا کرابوو، کوردستان توانیبووی پلەی دووەم بەدەستبهێنێت و کەلتوری خۆی بناسێنێت بە شێفە بیانییەکان، لە چوارەم رۆژی ئەم فێستیڤاڵەدا دووبارە شێفە بیانییەکان ئاشنای خواردنی کوردی کرانەوە و میواندارییەکی شایستەیان بۆ رێکخرا.
 لەبارەی سازدانی ئەم فێستیڤاڵەوە مامۆستا ئیسماعیل عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە وتی: ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی بەردەوام رێگەی جیاواز دەگرینە بەر بۆ بەبازاڕکردنی ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان چەندین چالاکی جۆراوجۆرمان بۆ ئەم مەبەستە رێکخستووە بە نموونەش ئەم چالاکییەی ئەمڕۆ، کە بەو ئامانجە رێکخرابوو خواردنە کەلتوری و کوردەوارییەکانی خۆمان بناسێنین لەنێو شێفە بیانییەکاندا، هاوکات بۆ ئەم مەبەستە جیاواز لە سێ رۆژی پێشتر بەباشمانزانی لە رۆژی چوارەمی فێستیڤاڵەکەدا میواندارییەکی شایستەیان بۆ  رێکبخەین.

سەرۆکی رێکخراوی ماڵی شێفەکانی کوردستان 
ئەحمد زراری لە لێدوانێکدا وتی: زۆر بە باوەڕبەخۆبوونەوە خۆم و ستافە بەتواناکەم بەشداریمان کرد لەم پێشبڕکێ جیهانییەدا، گومانم نەبوو  لە بەدەستهێنانی پلەی باش بەخۆشحاڵییەوە کوردستان توانی لە نێوان 32 وڵاتی جیهاندا پلەی دووەم بەدەستبهێنێت، ئەمەش جێگەی سەربەرزییە بۆ ئێمە نزیکەی 15 جۆر خواردن ئێمە بەشداریمان کرد لەجۆری خواردنی کوردەواری  دەریایی و غەربی...هتد.
 خاتوو بەیان زراری وەک ئەندامێکی رێکخراوی ماڵی شێفەکانی کوردستانیش وتی: وەک خاتوونێک 23 ساڵە لە چێشتخانەم و چێشتلێنان بۆ من خولیایەکی جوانە، بۆیە ئەم پێشبڕکێیە بۆ من زۆر جیاواز بوو، چونکە شێفە بیانییەکان زۆر بە چێژەوە خواردنە کوردەوارییەکانیان تام دەکرد و دەیانوت خواردنەکان زۆر بەچێژ و  تایبەتن.
بابەتەکانی منیش لەم پێشبرکێیەدا یاپراخ و بریانی و کفتەی چەوەندەر و کفتەی سەوز و قەریە و ساوەر و چەندین خواردنی تر بوو، ئەمڕۆش میوانداری  شێفەکان دەکەین  بە چەندین خواردنی بەچێژی کوردەواری .

لە هەموو ناوچەکانەوە بەشدار بوون
شێف عەلی لە پارێزگای بابلەوه هاتبوو لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە وتی: وەک شێفێکی بەشداربووی پێشبڕکێکە بەشداریم کرد بە خواردنێکی کەلتوری عیراقی کە پلەیەکی باشم بەدەستهێنا.
دڵخۆشم لە کوردستان، چونکە بەڕاستی خەڵکەکەی زۆر بەڕێز و باشن و کەشوهەوای کوردستان زۆر دڵڕفێنە  ئەمڕۆ که دوا رۆژی فێستیڤاڵەکە بوو بە خواردنه خۆشەکانی کوردستان میواندارییان کردین.
شایەنی باسە چەندین گروپی جۆراوجۆری خانمان لە هەموو ناوچەکانی هەرێم لەم فێستیڤاڵەدا بەشداربوون، یەکێک لەو گروپانە گروپی شاخەوانی  خانمانی کۆیە بوون، لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە خاتوو بەهرە سەرۆکی گروپ وەک بەشداربوویەکی ئەم ڤێستیڤاڵە وتی: دڵخۆشم ئەمڕۆ توانیمان وەک 85 خانم بەشداری بکەین لەم چالاکییە جوانەدا کە ئەمە مایەی دەستخۆشییەکی گەورەیە بۆ شێفە کوردەکان و توانیویانە ئەم پلە باشە لەسەر ئاستی جیهان بەدەستبهێنن، ئەمەش بۆ کوردستان دەستکەوتێکی زۆر باشە ئەمڕۆ ئێمەش لێرە ئامادەین لەناو ئەو کەشوهەوا جوانەدا لەم وەرزە تایبەتەدا چاومان بەم هەموو گەشتیارە خۆشەویستەکەوت بێگومانم کە میوانەکانیش چێژێکی خۆش لێرە دەبینن.

0 تعليقات