ناجێگیریی بەهای دینار رێژەی هەژاری لە عیراق بەرزکردووەتەوە

 

ناجێگیریی بەهای دینار رێژەی هەژاری لە عیراق بەرزکردووەتەوە

رێژەی هەژاری لە عیراق %21ی تێپەڕاندووە


بەهۆی ناجێگیریی و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی لە بەرامبەر دیناری عیراقی، هاوکات پشتبەستن بە بەروبوومی هاوردە و کڕینیان بە دۆلار، نرخی خواردەمەنی و تەواوی شتومەک لە بازاڕەکاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ئەمەش بۆتە بارگرانی بەسەرشانی هاووڵاتییانەوە  و وایکردووە رێژەی هەژاری بەرزببێتەوە.
سەنا موسەوی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری چاودێریی كۆمەڵایەتی رایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی لە مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی سوودمەندن، گەیشتووەتە زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتی و ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی ئەو كەسانەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە تادێت زیاتر دەبن ئەمەش زەنگێكی مەترسیدارە .
ئەوە لە كاتێكدایە، عیراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی بە تایبەتی نەوت، بەڵام بەهۆی زۆری رێژەی گەندەڵی و خراپ ئیدارەدانی وڵات، هاووڵاتیانی بە دەست كەمی خزمەتگوزاری و هەژارییەوە دەناڵێنن و بەپێی راپۆرتێكی گۆڤاری گڵۆباڵ فاینانس، عیراق لەناو وڵاتانی جیهاندا 78ـەمین وڵاتی جیهانە لەڕووی هەژارییەوە.
چارەسەری هەژاری لە  یاسای بودجەدا
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق دوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە رایگەیاند، چەند چارەسەرێك بۆ هەژاری دانراون کە دەبنە هۆی ئەوەی لەماوەی 5 ساڵی داهاتوودا بەشێوەیەكی رێژەیی كۆتایی بە هەژاری بهێنن.
وتیشی، تەنها لە ساڵی 2023دا بڕی 4 ملیار دۆلار بۆ چارەسەركردنی هەژاری تەرخان كراوە.
بانکی ناوەندی عیراق لە 20-12-2020 بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات و دوای ئەو بڕیارە نزیکەی دوو ساڵ نرخەکە جێگیربوو، بەڵام رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عیراقی تێپەڕاند و بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بوو تا بەهای 100 دۆلار گەیشتە سەروو 170 هەزار دینار.
هەوڵەکانی حکومەتی عیراق و بانکی ناوەندی بۆ دابەزاندن و جێگیرکردنەوە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەردەوامە و هەرچەندە حکومەت بڕیاریدا 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار لە بانکەکان و 132 هەزار دینار لە نووسینگەکاندا مامەڵەی پێوەبکرێت، بەڵام هێشتا ئەو بڕیارە کاریگەریی لەسەر بازاڕی گشتی دراو و کاڵا و شتومەکیش نەبووە و نرخەکان وەک خۆیانن و دانابەزن و زەرەرمەندی یەکەمیش لەو دۆخە هاووڵاتییە.

رێژەی هەژاری بەرزبووەتەوە
لە دەستدانی بەهای دراوی هەر وڵاتێک دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری، بەپێی ئامارەكان، رێژەی هەژاریی لە عیراق لە %21ی تێپەڕاندووە و پێشبینی دەكرێت لە داهاتوودا رێژەكە زیاتر بەرزببێتەوە، لە کاتێكدا بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان لە ساڵەکانی 2019 و 2020دا رێژەی هەژاری لە عیراق %20تێنەدەپەڕاند.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، جێگیرکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار پێویستی بە پڕۆسەیەکی گۆڕانکاری گەورە هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش کار لەسەر رێکخستنەوەی سیستمی بازرگانی لە عیراق بەتایبەت حەواڵە و فرۆشتنی دۆلار دەکەن.
وتیشی، بانکی ناوەندی پشتیوانی زیاتری کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی ئەو کەرتە دەکات و دەمانەوێت بنەماکانی کارکردن بەشێوەیەک بڕەخسێنین بەپێی یاسای روبەڕوبوونەوەی پارەدارکردنی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارە بێت.
ماوەی ساڵێکە بانکی فیدراڵی ئەمریکا سیستمێکی نوێی بەسەر عیراقدا سەپاندووە کە نابێت لە دەرەوەی ئەم سیستمە مامەڵە بە دۆلارەوە بکات و ئەمەش بەهای دیناری بەرامبەر بە دۆلار دابەزاندووە و رۆژانە نرخی دراوەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

گۆڕینی سیستمی دراوی کاغەز  بۆ ئەلیکترۆنی
محەمەد نەجاڕ راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عیراق لەبارەی هۆکاری ناسەقامگیری بەهای دیناری عیراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئێستا عیراق هەنگاوی گۆڕینی سیستمی دراوی کاغەز بۆ ئەلیکترۆنی و مامەڵەکردنی ئەلیکترۆنی بە دۆلار ناوە، بەهای دیناری عیراقی بەرامبەر بە دۆلار ئەمریکی ناسەقامگیرە.
وتیشی، ئێستا کێشەی سەرەکی ئەوەیە، خەڵک دۆلاری بە کاش دەوێت و دواتر بە قاچاغ دەبرێتە دەرەوە، ئەوەش وا دەکات بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار ناسەقامگیر بێت، هەوڵدەدەین لە نزیکترین کاتدا هەموو مامەڵەیەک بە دۆلار بکەین بە ئەلیکترۆنی، ئەوکاتە لە ماوەیەکی کەمدا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بە جیاوازییەکی کەم جێگیر دەبێت.
باسی لەوەشکرد، بانکی فیدراڵی خاوەن دۆلارە و خۆی رێنمایی دەدات لەبارەی چۆنێتی بەکارهێنانی دۆلار و پێویستە هەموان پێوەی پابەندبن و جێبەجێی بکەن.
جێی ئاماژەیە رۆژی شەشی تشرینی دووەمی 2022، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مامەڵەکردنی بە دۆلار لە چوار بانکی عیراق بە پاساوی «وردبینی» راگرت و دواتریش لە 19ی تەمموزی ئەمساڵدا جارێکی دیکە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عیراقدا قەدەغە کرد و تۆمەتباریکردن بەوەی دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە، دوای ئەوەش بەردەوام بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە گۆڕانکاریدایە.

0 تعليقات