پڕۆفایلی هونەرمەند ( حمدامین عباس کۆیی)


 پڕۆفایلی هونەرمەند ( حمدامین عباس کۆیی)

هونەرمەندو مەقام بێژی هەڵبەستی کلتوری ڕەسەن
هونەرمەند (حەمەدەمین عەباس پیرۆت) ناسراو بە (حەمەدەمین عەباس کۆیی) ، لە ڕێکەوتی ١٩٢٦/٧/١ لە گەڕەکی قەرات لە شارە خنجیلانەکەی کۆیە لەدایکبووە.
لە منداڵییەوە حەز و خولیای بۆ گۆرانی و مەقامات ھەبووە. خوێندنی سەرەتایی هەر لەم شارە تەواوکردووە و دواییش دەستی کردووە بە کەسابەت بۆ بژێوی ژیان ،
لەساڵانی پەنجاکان بۆتە خاوەن چایخانەی خۆی لە شاری کۆیە، لەبەرئەوەی کەسێکی ھونەردۆست بووە و حەزی زۆری بۆ شیعر و گۆرانی و مەقامات ھەبووە، وە ھاوڕێیەتی و دۆستایەتی لەگەڵ چەندین ھونەرمەند و شاعیر و مەولود خوێنی ئەوکاتی ھەبووە، ھەر بەم ھۆیەوە زۆربەی شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیر و ھونەرمەندانی ئەوکاتە لە شاری کۆیە وەکو ؛ تاھیر تۆفیق و عەونی شاعیر و جەلال جۆبار و سامی عەوداڵ و چەندانی تر ... ڕۆژانە ڕوویان لە چایخانەکەی دەکرد و بەدرێژایی ئەو ڕۆژە کەشێکی ھونەریی و ئەدەبییان دروستدەکرد.
حەمەدەمین عەباس لە ساڵی ١٩٥١ ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە بوونەتە خاوەنی پێنج کوڕ و چوار کچ . شوکور بۆ خوا گشتیان مرۆڤانێکی بەئەمەک و نیشتمان پەروەر و خۆشەویستن لەناو کۆمەڵگە و خزمان و پێگەی دیاریان ھەیە.
ناوبراو حمەدەمین عەباس بەھۆی ئەوەی کەسایەتییەکی دیار و خۆشەویست بووە و ڕێزی زۆریان لێدەگرت، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا پێگەیەکی دیاری کۆمەڵایەتی ھەبووە کە بە قسە خۆش و نەستەقەکانی سەرەنجی ھەمووانی ڕادەکێشا و بەشدار بووە لە چەندین سوڵح (نێوەندگیریی)ی عەشایەری نێوان بنەماڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتی خێزانی کە دروست بووە .!
هەروەها کاتی خۆی لە شاری کۆیە کۆڕ و کۆبوونەوە و دانیشتنی شەوانە ھەبووە و گۆرانی تیادا گووتراوە، ناوبراو ؛ ئامادەی بووە و بە دەنگە خۆشەکەی چەند گۆرانی و مەقامێکی دەچڕی. هەروەها لەگەڵ چەند ھونەرمەندێکی دیاری ناسراو گۆرانی گووتووە لەوانە؛ تاھیر تۆفیق ؛ مامە سێوە ؛ مەلا ئەسعەد ؛ مەلا کۆرە ؛ باقی حەلاق. لە زۆربەی دانیشتنەکاندا بانگھێشتی کراوە بۆ خوندنەوی مەولودنامەکان، لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) و ئاھەنگ و بۆنە تایبەتییەکانی خزمان و دۆستان بێ بەرامبەر بەشداربووە و مەولودنامەی خوێندووەتەوە...
ناوبراو زۆر سەرسام بوو بە دەنگیی تایەر تۆفیق و زۆربەی مەقاماتەکانی دەگووتەوە. لە چەندین ئاھەنگدا بەشداری سەرەکی کردووە، یەکێک لەوانە لە ئاھەنگێکی کەیف و خۆشی لە مەسیف بەشداریکردووە کە ھەریەک لە وریا ئەحمەد و جان تۆماس و باکوری و حەمە گەمحان بەشداربوون.
حمدامین عباس کۆیی لە بەرھەمەکانییدا، شیعری شاعیران نالی، ئەختەر، بێخود، دڵدار، سامی عەودال، جلال جۆبار، ئەحمەد موختار و تاھیر بەگی جاف ـی دەگووتەوە.
زیاتر غەزەلی دەگووتەوە ھەروەھا بەستە و مەقامات، شارەزایی لە گووتنی حەیرانیش ھەبووە، لە ستۆدیۆ بەرھەمەکانی تۆمارنەدەکرد، تەنیا ئەو بەرھەمە ھونەرییانەی لە دانیشتن و کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەیگووتنەوە، تۆماردەکران، وە بەشداری چەند پڕۆگرامێکی ھونەری کردووە... چەندین کاسێتی تۆمارکردووە بۆ برادەر و خزم و دۆستان کە داوایان لێدەکرد، ئەویش داواکانی ڕەتنەدەکردنەوە.
ھونەرمەند لە ژیانیدا پێشمەرگایەتی کردووە و لە ڕێکخستنەکانی حیزب کاری کردووە بە مەبەستی بڵاوکردنەوە و گەیاندنی ھەستی نەتەوەیی و کوردایەتی، ئەوکاتی کوردایەتی پیرۆزیی خۆی ھەبووە. چەندین جاریش بەھۆی کاری ڕێکخستن و ھەستی نیشتیمانپەروەریی و کوردایەتییەوە زیندانی کراوە. لە یادی خارە تایەر لە ماڵی محمد حیدر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ھونەرمەند حمدامین عباس دەڵێت "بە مام جەلال و بە کاک جلال" مەبەستی مامی گەورە و جلال جۆبار بووە (تەسقیفیان کردم) واتە ڕایانکێشام و ھانیاندام بۆ ناو ڕێکخستنەکانی حیزب و کوردایەتیی.
ھونەرمەند تا ساڵی حەفتاکان لە شاری کۆیە ژیاوە، دواتر لەبەر کار و کەسابەتی ژیان و بە ھۆکاری نزیکی و دۆستایەتی لە ھونەرمەندی گەل تاھیر تۆفیق کە فەرمانبەر بووە لە دائیرەی بلدیەی ئەوکاتی ھەولێر و ماڵی لای ئالییاتی شورتە بووە. ڕووی لە شاری ھەولێر کردووە و لە گەڕەکی عەلافان و بیرێژییان و تەیراوا نیشتەجێ بوون.
بەرھەماکانی لای حەمە گەمحان باوکی شھید ئازاد و لای ئەمیر کەبابچی و ھەروەھا لای ست گلاوێژ ھەڵگیراون و ماون.
دیارترین بەرھەمە ھونەرییەکان : مەقامات بە ئیزھار و کەرەم قوربان، ھەموو کەس با بزانێ، سیری تەیاری ئەجەل کەن، قەلبی من گەر چەشنی لالە...
بەستەکان : بە قامەت خەرامان، بولبول بە نەغمە، کزەی شەماڵ، دەی با ھەڵسین برایان با بچینمە شاری عیرفان، لەم کوڵبەی ئەحزانا، بەقەد شمشاڵی بوستانا.
شارەزایی لە حەیران گووتن ھەبووە، چەندین حەیرانیشی چڕیوە. بەھۆی دەنگە خۆشەکەیەوە زۆر داوایان لێدەکرد لە مزگەوتەکان بانگ بدات، بەو ھۆیەوە چەندین جار لە مزگەوتەکانیش بانگیداوە.
لە شاری ھەولێر خاوەنی میوانخانەی بێخاڵ بووە لە شەقامی باتا، دواتر میوانخانەی سەرسەنگ ھەر لە شەقامی باتا دواتر بووەتە خاوەنی میوانخانەی مێرگەسۆر کە دەکەوێتە پشت باخچەی خانەنشینانی ئێستا. ئەو ھونەرمەندانەی شاری کۆیە دەھاتنە ھەولێر یەکسەر ڕوویان لە میوانخانەکە دەکرد و یادەوەرییە ھونەرییەکانیان زیندوو دەکردەوە و باس لە غەزەل و مەقامات دەکرا.
ڕۆژێکیان چەند میوانێکی ئیسرائیلی ھاتوون بۆ میوانخانەکە، کوردییان دەزانی و لە کۆیە ڕۆشتبوون بەرەو ئیسرائیل. داوایانکردووە کە ھونەرمەند حمدامین عباس ببینن، بۆ تۆمارکردنی کاسێتێکی غەزەل و مەقامات بە دەنگی خۆی، لە ماڵی عەبدوڵای کەبابچی ئەو کاسێتە تۆمارکرا...
ساڵانە یادی ئەو ھونەرمەندە دەکرێتەوە، چەندین ھونەرمەندی ئێستا باس لە گەورەیی ئەو ھونەرمەندە دەکەن کە لەڕووی غەزەل و مقامات سوودی زۆریان لێوەرگرتووە و لە چەندین پڕۆگرامدا بەرھەمەکانییان گووتووتەوە.
لە دیدارێکی تەلەفزیۆنییدا مشکۆ مەقامبێژی دیاری شاری ھەولێر ئاماژە بەناوی ھونەرمەند حمدامین عباس دەکات دەڵێت "شارەزاییەکی باشی ھەیە لە مەقامات".
بەڵام زۆر بەداخەوە مەرگ زیاتر ڕێگەی پێ نەدا لەڕێکەوتی ١٩٩٦/٩/١٠ دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت بۆ دواجار چاوی لێکناو ماڵئاوایی یەکجارەکیی لە ئازیز و خۆشەویستان و دۆست و خزم و شەیدایانی دەنگە بەسۆزەکەی کرد. لە گۆڕستانی کەکۆن لە شاری کۆیەی بەخاک سپێردرا.
سوپاس بۆ
دڵسۆز حەمەدەمین عباس

0 تعليقات