پڕۆسەی كارتی بانكی لە هەرێم بە تاقیكردنەوەیەكی قورسدا تێدەپەڕێت

 

پڕۆسەی كارتی بانكی لە هەرێم بە تاقیكردنەوەیەكی قورسدا تێدەپەڕێت

#ئامێری ATM بۆ راکێشانی پارە لە رێگەی کارتی بانکییەوە

هەر وڵاتێك سیستمێكی باشی بانكی هەبێت، ئابوورییەكی باشی دەبێت. ئەو سیستمەش پێویستی بە كارتێكە كە بەشداربوانی ئەو خزمەتگوزارییە ئابوورییە مامەڵەکانیانی پێبکەن، لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەهۆی خراپیی سیستمی بانكی تا چەند ساڵێك لەمەوبەریش ئەو كارتە نەبوو كە كێشەی بەتایبەت بۆ بازرگانان و خاوەنکاران دروستكردبوو، بەپێی وتەی شارەزایانی ئابووری ئەو سیستمە سوودێكی زۆری بۆ كاری بازرگانی هەیە و ئاسانكاریشە بۆ گواستنەوەی پارە و خەرجكردنی.

بەکارهێنانی کارتی بانک جیهانییە
محەمەد عیرفان گەنجێكی شاری هەولێرە بەهۆی كاركردنی لە كەرتی خانووبەرە هەژمارێكی بانكی كردۆتەوە و كارتی بانکی هەیە و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی كارتی بانك بۆتە سیستمێكی جیهانی، هەموو بانكێكی عیراق كارتی دڵنیاییان هەیە كە بەشی زۆریان بانکی كەرتی تایبەتن و بەشێكیشیان حكومین، سیستمی كارتی بانكی حكومی عیراقی زۆرباشن، بەڵام كێشەی ئەوەیان هەیە بانكەكانیان لقیان لە هەرێمی كوردستان نییە.
زۆربەی ئەو هاووڵاتیانەی گەشت بۆ دەرەوەی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكەن كارتی بانكی بۆ كاری بازرگانی و دراو بەكاردەهێنن و عیراق گرێبەستی لەگەڵ دوو كۆمپانیای كارتی دڵنیایی كردووە كە لە هەر وڵاتێك بێت كاردەكات و هاووڵاتی عیراقی دەتوانێت لە رێگەی ئامێری (ATM)ەوە پارەكانیان راكێشن، بەڵام بەهۆی نالەباری دۆخی عیراق هەندێكجار روویداوە هاووڵاتی لە كاتی گەشتکردن بۆ وڵاتێك كارتەكەی وەستاوە و كاری نەكردووە كە كێشەكە لە بانك و كارتەكەدا نەبووە، بەڵكو حكومەتی عیراق خۆی وەستاندویەتی.
كامەران رەشید هاووڵاتییەكی تری شاری هەولێرە كارتی بانكی هەیە و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی زۆر كاری رۆژانە بەكارتی بانكی دەكرێت، بۆیە منیش هەژمارێكم لە یەكێك لەبانكەكانی عیراق كردۆتەوە و کارەکانمی پێ بەڕێدەکەم، ئەوەی کە بەهۆیەوە بڕێکی کەم پارە بە کاش هەڵدەگرم زۆر باشە.
كردنەوەی هەژماری بانك و دەرهێنانی كارتی بانكی لە هەندێك بانك بە خۆڕاییە و لە هەندێكی تریش بەرامبەر بڕێك پارەیە.
متمانە لە نێوان بانك و بەكارهێنەراندا نییە
د.ئەیوب سماقەیی مامۆستا لە بەشی ئابووری زانكۆی سەڵاحەدین لەبارەی كارتی بانكی دەڵێت، لە هەر وڵاتێك كارتی بانكی هەبێت بەكارهێنانی پارە بەكاش كەم دەبێتەوە و جۆرێك لە ئاسانكاریش بۆ گواستنەوەی پارە دەكات، چەندین ساڵە ئەو سیستمی كارتە لە وڵاتان هەیە.
وتیشی، لە عیراق و هەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی متمانە لە نێوان بانك و بەكارهێنەراندا دروست نەبووە وایکردووە کارکردن بە کارتی بانکی کەم بێت.
سەرچاوەیەك لە بەشی كارتی دڵنیایی بانكی كوردستانی ئیسلامی نێودەوڵەتی کە چەند جۆرێکی جیاواز کارتی بانکییان هەیە دەڵێت، بەشداربوانی کارتی بانکەکەمان دەتوانن لە هەموو وڵاتان کارتەکەیان بەکاربهێنن، جگە لەوە لە هەموو شارەکانی هەرێمیش ئامێری (ATM) مان هەیە بۆ راکێشانی پارە.
لەبارەی ئاسایشی كارتەكە لەکاتی دزین و ونبوون وتی، ئەپڵیكەیشنمان بۆ مۆبایلەكانی هەر هاووڵاتییەک داناوە کە کارتی بانکی لەلای ئێمە هەیە، هەركاتێك كارتەكە ونبوو بەكارهێنەرەكە دەتوانێت راستەوخۆ لە رێگەی مۆبایلەكەیەوە كارتەكەی بوەستێنێت و دواتر دووبارە ئەكتیڤی بكاتەوە.
پڕۆژەی هەژماری من
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت پڕۆسەی پێدانی مووچە بکاتە كارتی بانكی بۆ ئەمەش ماوەیەكە پڕۆژەی (هەژماری من)ی راگەیاندووە  و ناو و زانیاری سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا كۆكردۆتەوە.
کارزان ئەحمەد فەرمانبەرێکی حکومەتە و لەبارەی بەشداریکردن لە هەژماری من دەڵێت، هیچ زانیارییەکی فەرمیم نییە لەسەری و بەشداریشم نەکردووە، بەڵام ئەوەی لە خەڵکەوە لەسەری بیستوومە کە حکومەت دەتوانێت بە ئاسانی هەر باج و رسوماتێکم لەسەر بێت، بەبێ رەزامەندی خۆم وەریبگرێتەوە لە کاتێكدا ئەو هەموو مووچەیەی من قەرزارە بە ناوی پاشەکەوت و لێبڕینەوە، هەرگیز ئامادە نیم بەشداری تێدا بکەم.
لەوبارەیەوە د.ئەیوب سماقەیی مامۆستا لە بەشی ئابووری زانكۆی سەڵاحەدین دەڵێت، پڕۆژەی (هەژماری من) چەند كێشەیەكی هەیە، ئەو پڕۆژەیە بۆ ئەوەی جێگەی متمانەی زیاتر بێت دەبوو لە بانكە حكومییەكاندا بكرێتەوە نەک بانکی ئەهلی، هەروەها ئەگەر هاتوو بڕی پارەكەی مەرجدار بوو سوودی نابێت بۆ نموونە کەسێک یەک ملیۆن دینار رەسیدی هەیە، بەڵام نەتوانێت بە یەكجاری ئەو بڕە پارەیە لەبانك راكێشێت لێرەدا بەكاربەر زیان لەو سیستمە دەكات، بێجگە لەوەش دەبێت ئەو ژمارەیەی دەكرێتەوە دەسەڵاتی بەكارهێنانی تەنها لای خاوەن هەژمارەكە بێت نەوەك لەلای حکومەت و بە ئارەزووی خۆی باج و رسومات و قەرزەكانی كەسەكەی پێ پاكتاو بكات و پاشەكەوتی لێ بكات.
بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە (هەژماری من) پەیوەندیمان بە چەند لایەنێكی پەیوەنداری حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییان نەداینەوە، بەگوێرەی زانیاری ناو لاپەڕەی پڕۆژەی (هەژماری من)یش بێت تائێستا 175 هەزار فەرمانبەری هەرێمی كوردستان بەشدارییان لە پڕۆژەكەدا كردووە و زیاتر لە هەزار و 300  فەرمانبەریان كارتی بانكییان وەرگرتۆتەوە ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی ئامارێک هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 251 هەزارو 451 موچە خۆری هەیە.

0 تعليقات