پیا هەڵدانێکی ڕەحمان محمود بۆ گەورە نوسەرو شۆڕشگێڕی کۆچکردو ( احمد دڵزار ) .


 پیا هەڵدانێکی ڕەحمان محمود بۆ گەورە نوسەرو شۆڕشگێڕی کۆچکردو ( احمد دڵزار ) .

ئەو دەمانەی ، هێشتا باواجی
جریوەی ئەستێرەی لەسەر شەونمی
پەلکە گیای سەری تۆو نەکردبوو !
ئەو زەمانە شارەکەی کۆ
گۆمێکی حەپەساوی بەردەم
قەتارەی مەلە کۆچەریەکانی
گەرمەسێربوو !
هێشتا چای شیرینی چایخانەکەی (کانیلە)
بۆنی شیعری لێ نەدەهات
هێشتا مەژی بۆ مردن بمرە بۆ ژیانی خاڵە تایەر
لە بیستنمان شین نەبوو بوو
هێشتا سەردار فوی بەڕوحی
ماندووی شمشاڵدا نەکردبوو
ئەو دەمانە هێشتا فریشتە
ژنە باڵندەیەک نەبوو
بە چریکە تەواریەکەی
لە بەردەم (شوین لای)*
ئەی ڕەقیب بچڕێت و بڵێت
دینمان ئاینمان هەر کوردستان !
ئەودەمە
(شارەزا) هێشتا خەتی شیعری نەدابوو
دێرتر کوڕێنی ناو کۆڵانەکانی
شیعری دەکرد!
هێشتا (شلەوخانان)ی پەرییەکان
روحمانی پڕ نەکردبوو
لەو ڕۆژگارە دڵزار هات و
هەر دەپەنجەی بوو بەمۆم و
تاریکی شەق کردوو
بوو بە چاوی ڕێگاکانی سەرکەوتن و
چاوی هەڵمەتی شۆڕش و
ئەریایی* قوربانی دان.
کاتێ وەک خۆر
لە هەیبەسوڵتانەوە هەڵهات
باواجی جریوەی تۆو کرد
خاڵە تاهیر چیکاندی و
(فریشتە) ش
بێ دەنگی لە تابووت ناو .وتی :
(ئێمە ڕۆڵەی ڕێی خەباتین
نەونەمامانی وڵاتین
ئێمە بۆ چینی هەژاران
تیشکی ڕووناکی نەجاتین).
ئەودەمە ڕووناکی سەوزبوو
باواجی بوو بە دارستانێکی
پڕ لە ئاواز
هەر سروە بوو خۆی لە پرچی گەڵا دەسوی و
دەبوە وێردی سەر زمان ،
کاتێ دڵزار داگیرسا
هەرجوانی بوو لەنوکی خامەوە دەڕژا
وشەکان دەبونە گوڵە ئەستێرەو
کچان لە بەرۆکی خۆیان دەدا ،
ئیدی دڵزار بووبە خانەخوێی
دڵی نیشتیمان
لەیەک ساتدا
لە ئامەدو
لە کۆبانی و
کەرکووک و
مەهاباد بوو
کاتێ هات کوردستان یان نەمانی
لەسەر نا
بوو بە مەشخەڵی ڕێگاو بان
بوو بە نان
بۆ چەوساوەکانی نیشتمان.
کاتێ دواهەناسەی شیعری دا
دڵنیابوو ڕۆژێ دادێ
کوردستان
دەبێتە بەهەشتی جیهان .٭ شوێن لای سەرەک وەزیرانی سینی میلی لەساڵی پەنجاو نۆ.
٭ شلەوخان گۆرانیەکی فوکلوری کوردی تیپی موسیقای باواجیە کۆیەیە.
٭خوشکە فریشتە خوشکی دڵزاری شاعیر بوو . شاعیر وچالاکەوانێکی بواری یەکسانی مافی ئافرەتان بوو.
٭ شارەزا ..کەریم شارەزای شاعیرونوسەر برای دڵزاری شاعیربوە.
٭ ئاریا .بەسەرکردە دەوترا لە سەردەمی میدیەکان .

0 تعليقات