جەژنی نەورۆزو ( نەورۆزی جارانی کۆیە ) :


 جەژنی نەورۆزو ( نەورۆزی جارانی کۆیە ) :

جەژنی نەورۆزی پێش ساڵانی ( ١٩٦٠ ) لە شاری کۆیە ، کە نەورۆز دەهات کچان و کوڕان جلی کوردی ئاڵ و واڵایان لەبەر دەکرد دەچوونە دەشتی ( تاراوان ) تا درەنگانی ئێوارە دەمانەوە .
لە ساڵی ( ١٩٦١ ) نەورۆز گواستراوە بۆ ئەو گردەی بەرانبەر نادی کە تا پێش ڕاپەڕین گردی ( مەنزومە ) ی پێ دەگۆترا ، ئەو کاتیش دوو حیزب لە گۆڕەپانی سیاسی هەبوون ( شوعی و پارتی ) لە کاتی گردنەوەی ئاگر کێشە کەوتە نێوانیان و کار گەیشتە تەقە کردن لەیەکتری بەڵام ( سبحان اللە ) بووە باران ئاگرەکەو شەڕەکەش کوژاوە . دووای ئەوە نەورۆزیان هێنا ئەو گۆڕەپانەی بەرامبەر ( بەیتەری کۆیە ) کە ( ساحەی متەوەستە ) بوو شوێنی ئێستای نەخۆشخانەی ( شەهید دکتۆر خالید ) .
چۆنیەتی کردنەوەی ئاگری نەورۆزو چالاکیەکان :
لە گۆڕەپانەکە شانۆیەکی گەورە دروست دەکراو کورسی بۆ پیاوان دادەنرا ژنانیش لەسەر گردی قەبرستانی شەهیدانەوە دادەنیشتن و سەیری ئاگرو نمایش و چالاکیەکانیان دەکرد .
سەرەتا بە خوێندنەوەی ووتار دووای ئەوە گۆرانی دەگۆتراو چیرۆکی ئەفسانەی ( کاوەی ئاسنگەر ) نمایش دەکرا ، نمایشی ئەسپ سواری کە بە نمایشی ناوی دووازدە سوارەی مەریوان ناو دەبرا . هەڵپەڕکێی کچان و کوڕانی کۆیە دەبەسترا ، وە هەروەها بەشێکی تر لەو نمایشانە کە دڵی خەڵکەکەی خۆش دەکرد چیرۆکی ( عدنان ) بوو کە هەردو کەسایەتی کۆیە ( مغدیدە گچکەل و ئەکرەم باقی ) پێشکەشیان دەکرد و ڕۆڵیان دەگێڕا وە نمایشێکی تر کە شوعیەکان ئەنجامیان دەدا ( درونە بوو ) کۆمەڵێک کچ و ککوڕ جلی سپیان لەبەر دەکردو داسیان بە دەستەوە دەگرت و نمایشی درونەیان ئەنجام دەدا بەم شێوە نەورۆزیان دەکرد تەنانەت زۆربەی خەڵککە نان و خواردنی لەگەڵ خۆی دەبردو تا درەنگان دەمانەوە .
لە ساڵی ( ٧٠ ) کانەوە ئاگر لەسەر چیای باواجی و هەیبەتسڵتان دەکرایەوە جگە لەوەی لەسەر بانی زۆربەی ماڵەکان و گردو تەپۆلکە شاخەکان تایە دەسوتێنراو ئاسمان یەک پارچە دەبووە دوکەڵی ڕەش ، لە دووای ئەوە ڕژێمی ( بەعس ) ئاگری نەورۆزی قەدەغە کرد بەڵام خەڵک گوێی پێ نەداو لەسەر بانی زۆربەی ماڵەکان ئاگری نەورۆز کرایەوە .

0 تعليقات