هاووڵاتیان بۆ چارەسەری نەخۆشی دەچنە گەڕاوی جەلی

راپۆرتی/ هاوژین عەبدولواحید
گوندی جەلی یەکێکە لە گوندەکانی ناحیەی سکتان لە قەزای کۆیە بە دووری 24 کم لە باکووری شارۆچکەکەوە دوورە، سروشتێکی جوان و دڵڕفێنی هەیە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر بە مەبەستی سەیران و چارەسەری سروشتی بۆ نەخۆشییەکانی پێست روودەکەنە ئەم گوندە.
سەردانی هاووڵاتیان بۆ گەڕاوەکان
رەئوف شەریف هاووڵاتییەکی تەمەن 75 ساڵە و 50 ساڵە هاتوچۆی گەڕاوەکان دەکات وتی، بۆ چارەسەری نەخۆشی پێست سوودێکی زۆرم لە ئاوی گەڕاو بینیوە و ئەمە وایکردووە بەردەوام هاتوچۆی ئێرە بکەم و هەست بەباشی بکەم، هەر لە کۆنەوە وا باوبووە ئەو گەڕاوانە چارەسەری زۆربەی نەخۆشییەکانی پێست بوون بۆیە سەردانی زۆربەی گەڕاوەکانی تری هەرێمم کردووە و سوودم لێیان دیوە.
وتیشی، زۆربەی ئەو کەسانەی سەردانی ئێرە دەکەن نەخۆشی پێستیان هەیە دێن و قاچیان دەخەنە ئاوەکە یاخود مەلەی تێدا دەکەن یان بەقوڕی نیشتوی شوێنەکە خۆیان سواخ دەدەن و چاوەڕێ دەکەن تا قوڕەکە وشک دەبێتەوە دواتر لە کانییەک لە نزیک گەڕاوەکە خۆیان دەشۆن.
لە رووی زانستی جیۆلۆجییەوە ئەم گەڕاوانە چۆن دروست دەبن و هەڵدەقوڵێن، د.نالی جەواد مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری دەرامەتی ئاو دەڵێت، گەڕاوەکان یاخود کانیاوە کانزاییەکان، ئەوانەن کە رێژەی کانزای تواوە تیایاندا بەرزە، جیاوازن لە ئاوی ئاسایی و بەراورد بە ئاوی ئاسایی رێژەی (TDS) واتا کۆی گشتی مادە تواوەکان لە سەرووی 1000 بۆ 2000 پلەیە، ئەمەش رێژەیەکی زۆر بەرزە هەربۆیە بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بەکارنایەت، ئەوە لە کاتێکدایە کۆی گشتی مادە تواوەکان لە ئاوی ئاساییدا لە نێوان 150 تا 500 پلەیە.
0 تعليقات