بۆ ناونووسینى حاجییانى هەرێم ئەمساڵ نزیکەى یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار وەرگیراوە
لە پڕۆسەى ناونووسینى حاجییانى هەرێم ئەمساڵ نزیکەى یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار وەرگیراوە.
ئەمساڵ 56 هەزار و 669 کەس ناویان بۆ چوونە حەج پێشکەشکرد، کە لە هەر یەکێکیان بڕى ٢٥ هەزار دینار وەرگیرا واتە لە سەرجەمیان یەک ملیارو ٤١٦ ملیۆن و ٧٢٥ هەزار دینار وەرگیراوە.
لەکاتێکدا لەو ٥٦ هەزار کەسە کە ناویان تۆمارکردووە تەنیا ١٦٧٠ کەسیان ناویان بۆ پرۆسەى حەجى ٢٠٢٤ دەرچووە کە کۆى پارەکەیان دەکاتە ٤١ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دینار.
وەزارەتی ئەوقافى هەرێم لیستی تیروپشكی ناوی حاجیانى بۆ ساڵی 2024 بڵاوكردەوە ئەمەش پاشئەوەى کە ئەمڕۆ تیروپشکى ناوى حاجییان بۆ حەجى ساڵى ٢٠٢٤ ئەنجامدا.
ئەمڕۆ 16ى 12ى 2024، شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: 65 هەزار و 195 داواکاری حەجی ساڵانی پێش ساڵی 2020یان لەبەردەستدا ماوەتەوە؛ ئەمساڵیش 56 هەزار و 669 کەس داوایان بۆ چوونە حەج پێشکەشکردووە کە کۆی داواکارییەکە دەبێتە 121 هەزار و 864 کەس، لەکاتێکدا پشکی حەجی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 چوار هەزار و 174 کەس دەبێت. لە تیروپشکەکەدا زیاترلە 121 هەزار ناو هەبوون و لەو ژمارەیە 4 هەزار و 174 کەس هەڵبژێردران.
بە گوێرەی تیروپشکەکە، ئەوانەی ساڵانی رابردوو ناویان تۆمار کردووە 2 هەزار و 504 کەسیان بۆ حەجی 2024 ناویان دەردەچێت و ئەوانەشی ئەم ساڵ ناویان تۆمار کردووە هەزار و 670 کەسیان ناویان دەردەچێت.
شێخ نیاز نەقشبەندی ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هەڵبژاردنی تەواوی دەرچوواندا ژمارەیەک یەدەگیش هەڵدەبژێردرێن؛ وتیشی، "ئەوانەی ئەم ساڵ ناویان دەرناچێت و ئەوانەشی بە یەدەگ ناویان دەردەچێت هیچیان ساڵی داهاتوو ناویان نایەتەوە. ساڵی داهاتوو سیستمی حەج بۆ ئۆنلاین دەگۆڕێت و هیچ ناوێکی کۆن نامێنێت؛ هەموو کەسێک دەتوانێت لە ماڵی خۆیەوە و بە مۆبایلەکەی داوای چوونە حەج تۆمار بکات".

0 تعليقات