(وێنەکە ساڵی ٦۰ کان شەقەمی بەرکەکۆن)


 (وێنەکە ساڵی ٦۰ کان شەقەمی بەرکەکۆن)

‌ (مـــزگـــەری لە کـــۆیە )
زەمانێک ئەم پیشەیە لە کۆیە زۆر لە برەودا بوو ژمارەیەک وەستاو دوکانی ( سەفار ) چی بەو پیشەوە خەریک بوون .
لە سەرەتای وەرزی بەهارەوە دەزگاو پێداویستیەکانیان لە کۆڵ دەناو بەرەو لادێکانی خۆشناوەتی و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دەشتی کۆیە دەگەڕان بۆ سپی کردنەوەی قاپ و قاچاغ ( ئاسنجاو ) ی ماڵی مەلاو موختاری گوند بێ بەرامبەر بوو واتە بەخۆڕایی بوو ، وەستاو شاگردەکانیش هەر ژەمەی لە ماڵێک نان و چایان دەخوارد سپی کردنەوەی هەر پارچەیەک ( هیربار ) نرخەکەی ( ٢٥ ) فلس بوو ، لە ڕۆژێکدا ( هیرباری ) ( ٦ تا ٧ ) ماڵان سپی دەکرانەوە ، هەر کاتێک کاری سپی کردنەوەی گوندێک تەواو دەکرا دەڕۆیشتنە گوندێکی تر ، بەشی هەرە زۆری ئاژەڵدارەکان لە مەنجەڵی ( سفر ) ماستیان هەوێن دەکرد خەڵکیس پێی وابوو ماست و خواردنێک لەو مەنجەڵانە ئامادە بکرێ تام و لەزەتی زیاترە لەوانی دیکە ،
سەفارچیەکان لەدەم زێی بچوک و بەستی شەرغە زیخ و چەویان دەهێنا بەو وردە بەردو زیخەیان دەگۆت ( بەردی خوێ ) چونکە ئەو بەردانەیان بە چەکوش وەکو خوێ درشت و وورد دەکرد ، بەردە خوێکەیان دەکردە ناو تورەگەیەکەوە لەناو پارچە ئاسنجاوەکە پانیان دەکردنەوە ئینجا شاگردەکە کە هەردوو دەستی بە دوو سنگی دیوارەکە دەگرت وردە زیخ و چەوی ناو تورەگەکەی بە پێ دەهێناو دەیبرد بۆ ئەوەی کەمێک خاوێنی بکاتەوە ، لە دووای ئەوە قۆناغی سپی کردنەوە دەستی پێ دەکرد لەلایەن وەستاکەوە ، ئامێری سپی کردنەوەکەش ( هەمبانەیەک ) بوو کە دوو دەسکی دارینی پێوە بوو لە لای دەستە ڕاست و چەپی دەداو هەر جارەی فشاری دەخستە سەر لایەک بەهۆی جوڵەی هەمبانەکەوە هەوای ناو هەمبانەکە بە تەووژم بۆ ئاگرەکە دەچوو ئاگرەکەی خۆشتر دەکرد لەم کاتەدا وەستاکە بە پلایسێک توند ئەو پارچە هیربارەی ( ئاسنجاوە ) ی دەگرت و بە گورج و گۆڵی بەسەر ئاگرەکەوە ئەم دیوو ئەو دیوی پێ دەکرد تا بە باشی گەرم دادەهات بە دەستەکەی تریشەوە ( قەڵایی ) یە لول دراوەکەی بەناو دەرەوەی مەنجەڵەکەدا دەینا پاشان بە تۆپەڵە ( پەمۆ ) بەو نۆ شادرەی دەکرد بە دەورو بەری مەنجەڵەکەی دەسوو بۆن و هەڵمێکی تایبەتی لێ بەرز دەبۆوە ، بەم هەموو زەحمەتە جاران ئاسنجاوەکان سپی دەبوونەوە ئێستاش زۆر ئاسانە هەمووی بویتە یەک ( دوگمەی غەسالەی قاپ شۆردن ) .

0 تعليقات