وێنەکە چاکی قازیلان لەسەر قازیلان :
مەرقەدی پیاوچاکەکانی کۆیە لە گەرەکی قەرات و بایزاغای
بێجگە لە خوالێخۆشبوان سەید جامی و بابیرفەقێ ئەحمەد و دەروێش خدری، کە هەریەک گۆڕستانەکی گەورەیان بەناوکرایە، هەندێك گۆڕ هەبوون ، لە کوچەو کۆڵانەکانی گەرەک و ناو هەندەک ماڵان پەڕۆکەکی سەوزیان بە کێلەکانیان ئاراندبوو، یان قامیش و درەخت لەسەر گۆرەکەیان هەبوو. ئەو قەبرانەی کە بە گێچ بوون کونێکیان لەخوارەوە بۆ کرابوو، دەیانگۆت ئەوە کونی بانگیە هەتا مردووەکە گوێی لە بانگی بیت. ئیستا ئەوانە هیچی نەماوە هەمووی گۆری تری لێ ناژراون.
ئێمە ماڵمان لە سەرتەمتەمان بوو، حەوش و باخچەکی گەورەی هەنار و مێوو گوڵەباخمان هەبوو، کە بە کەرەکە بەردی گەورە شورەی لۆ کرابوو. خانووەکەشمان قوڕ و گەچ بوو، چەند ژوورەک لەناو یەکتری بوو، کە ئەوەش جاران لەبەر سەرما و لایەنی ئەمنی دیارە زۆربەی خانووەکان بەو شێوە دروست کرابوون. ئەوکاتی کارەبامان نەبوو، پشتیشمان هەمووی چۆلەوانی بوو.
بەرەحمەت بن لەگەل مردووی هەموو لایەک ، باوکم و دایکم زۆرجار دەیانگۆت قەبری پیاوچاکمان لەناوماڵدا هەیە، لە ژورەکەی پشتەوەیە. باوکم دەیگوت من بەچاوی خۆم چەند جارێک دیتیتم ، کە لۆ دەستنوێژ هەستایم، بە جلی سپی بووە بەلام زوو وون بووە. ئەوجاوەرە منداڵ بیت و گوێت لەو جۆرە قسانە بیت و نەترسێی ، کە ئیستا پێی دەرێن خورافیات.
هەر لە پشت ماڵی خۆشمان عاردەکمان هەبوو پێمان دەگوت عاردی پشت قۆتەرەی، کە دەکەوتە پشت خانووی ماڵی خوالێخۆشبوو مامە ئەمینم و حاجی ئیبراهیمی فەقێ حەسەنی، کە ئیستا شوێنی خانووی ماڵی مامۆستا ئەمیری رەشیدی مامەحیایە. لەوێ گۆرستانەکی بچووک هەبوو، یەک لە قەبرەکان خەڵک دەهاتنە سەری لۆ حاسل بوونی مراد و مەخسودیان، هەموو خەلک بە ماڵی خۆشمانەوە ، دەیانگۆت قەبری ئەو پیاوچاکەی نوری لێهەستایە.
دەچووینە ئەولاتر گردی شێخ مستەفای بوو کە ئەویش پەرۆی سەوزو پیاوچاکی لێبوو، قەبرستانەکی لێبوو کە زۆریان گۆری منداڵی بچووک بوون.
کە دەچووینە بازارە گچکەلەی شتی بکرین کە دوکانی رەفیقی مامە ئەمینمی لێبو لەگەل دوکانی شەهید مام کاوەیسی نانەوا ، لەبەرامبەر تەکێی مام خەلیفەی شوێنەک شورەی لۆکرابو بە گێچ ،قامیشی لێ بوو کە ئیستاش هەر ماوە، وە بەدیواری ماڵی کاک مەجید زێرینگرو و کەمالی حەمدی معەرفیەوە بوو. لەوێش ئەگەر ئێوارە با ئەوە بەخێرای پێدا رەت دەبووم دەمگوت نەبادا لێمان هەستەوە. ئەوجا بچووبایە خوار گەرەکی دەباخانان ئەوە گۆڕی بابە عەلی لێبوو.
ئەگەرلۆ مەکتەبی هیواش بە قەراتێ دا برۆیشتباین، ئەوە لەبەردەمی ماڵی خوالێخۆشبووان تۆفیقاغا و فەقێ عیسمەتی، لەو کۆڵانەی قەبری پیاوچاکی لێبوو کە پەرۆی سەوزی پێوە بوو، زۆر جار لەوێ بەرەحمەت بیت کاک زاهیری برام دەیگوت بزانم ئازای دەوێریت بچیە سەر ئەو قەبرەی، ئەمنیش دەمگوت ئەوجا لۆبچەم چ ئیشم پێی نیە، بەگاڵتە دەیزانی بەمنداڵی لێیان ترسایمە .
ئەوجا مزگەوتی سەید جامی و ماڵی خوالێخۆش بوو سەید وەلی. ئەو ناوە هەمووی سەوز بوو. بەلای دوکانی سۆفی سەلیمی رەحمەتی مزگەوتی قامیشان بوو، بەبەردەمی ماڵی خوالێخۆشبوو کاک حەمەدەمینی وەستا عەوڵلای دابرۆیشتبای هەر هەبوو هەتا دەگەیشتیە بەردەمی ماڵی کاک موحسین و موسەدەقی فیتەر لەوێش گۆرەک هەبوو کە هەر ماوە، کە ئەوانیش هەر خۆیان سەیدزادەن. وەلحاسل بەهەر شوێنەک دادەروۆیشتی تووشی گۆڕی ئەو پیاوچاکانە دەبووین.
ئەگەر بچوباینە حەمامۆکیش ئەوە لەبن داری کەندەکۆخ هەموو خەلکی گەورەو گچکە ئەوە بەردوچکەی بە کێلی قەبران دادەهێنا ئەگەر بیگرتبا ئەوە دەیانگۆت مرادت حاسل دەبیت.
خەلک ئەوکاتی زۆر باوەریان بەو شتانە هەبوو، بۆیە بۆ زیارەت و سەیران دەچوونە سەر مەزارگای پورتاوس و شێخی شێخ موسرێ و شێخ محەمەدی دێری، سەید جامی و دەروێش خدرو. هەیبەسولتان هتد.
یان دەچونە ئۆمەرمەندان و وەکاشەی، بە منداڵی لەگەل ماڵەوەو ماڵە خزمان دوو جار چویم، جارێکیان بەرەحمەت بیت لەگەل مالێ کاک ئەحمەد وەیسی پورم چووین ، بە سەیارەی خوالێخۆشبوو مەلا عیسامی چووین، مەلا ئەحمەدیشمان (مەلا کۆرە) لەگەل بوو مەولودی خوێندەوە. لەرێگا هەر دوعامان دەکرد خوایە لە رێی پردێ قیتارەکەی ببینین ، بەلام بەداخەوە نەمان دیت ، لە تاسەکانی سەر جادەی گوتیان ئەوە سکەی قیتارە. لەوێ دوو شەو ماینەوە و خواردن لێنداراو مەولود خوێندراوە، خێر دەکراو، شوێنەکی گەلەک خۆش بوو پڕی خەلک بوو کە بۆ زیارەت هاتبوون.

0 تعليقات