الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله
.
وبعد،خوای پەروەردگار! سەرەتا خۆم داوای لێخۆشبونت لێدەكەم ودەگەڕێمەوە بۆلات، ئەی پەروەردگارم! گەڕانەوە و تەوبەكەم لێ قبوڵ بكە بۆ خاتری ناوە جوانەكانت...
هەروەها داواش لە گشت موسڵمانان دەكەم كە تەوبە بكەن و بگەڕێنەوە لای خوای پەروەردگار، بۆ ئەوەی سەرفراز وخۆشحاڵی دونیا وقیامەت بن.
بەڕاستی ئەم نامیلكەیەی كە مامۆستای بەڕێز: ((علی خان)) كردویەتیە كوردی بە سودە، وئامۆژگاریم بۆ چاك و خراپ ئەوەیە بیخوێننەوە، بۆ ئەوەی زیاتر بە خۆیاندا بچنەوە وزووتر وباشتر بگەڕێنەوە لای خوای پەروەردگار.
وە وریابن لە دواخستنی تەوبە وگەڕانەوە بۆلای خوای خۆیان، نەوەكا مردن یەخەیان پێ بگرێت پێش تەوبەكردن ودوایی پەشیمانی دادیان نادات.
خوا لە هەموو لایەكمان ببورێت وبە باشی بمان گێڕێتەوە لای خۆی .
خوا پاداشتی مامۆستا ((علی)) بداتەوە لەسەر ئەم خزمەتەی.
والحمد لله وصلى الله وسلم على رسول الله.
والسلام عليكم ورحمة الله.
أبو عبدالحق عبداللطيف أحمد
سێ شەممە ٢٩/٦/٢٠١٠
پێشەكی مامۆستای بەڕێز: مامۆستا خلیل ئەحمەد
بسم الله الرحمن الرحيم
سوپاس و ستایش بۆ خودا، درود وڕەحمەت وسڵاوی بێ پایان بۆ سەرگیانی پاكی پێغەمبەری خوا صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، وبۆسەر گیانی خزمانی ئیماندار وخێزان ویارو یاوەران وشوێنكەوتوانی تا ڕۆژی دوایی.
پاشان: تاوان وسەرپێچی كردنی فەرمانەكانی خوای پەروەردگار كارێكی خراپ وزیانبەخش وكوشندەیە بۆ ژیانی دونیا ودواڕۆژی مرۆڤەكان، هەر تاوانە گۆڕانكاری سەلبی بەسەر سروشتی دڵ وجەستە وهەڵسوكەوت وڕەفتار وژیان وگوزەرانی خەڵكدا هێناوە! هەر تاوان نەبوو ئیبلیسی لە پەرستشكاری خوا دەرپەڕاند ولە ڕەحم وسۆزی خوا دوورخرایەوە؟! هەر تاوان نەبوو ((ئادەم و حەوا)) ی لە ماڵی خۆشبەختی بەهەشت مەحروم وبێ بەشكرد وڕەوانەی ژیانی سەرزەوی پڕ لە مەینەت كرد؟! هەر تاوان نەبوو پەروەردگاری بە ڕەحمی توڕەكرد تا سەرزەوی بە ئاوی سزا بخنكێنێت؟! خۆ مەپرسە لە قەومی لوگ كە بە ئاژەڵەكانیشیانەوە بەرزی كردنەوە بۆ ئاسمان وتەنانەت فریشتەكان گوێیان لە دەنگی وەڕینی سەگەكانیان بوو، پاشان سەروژوری كردن ولە ناوی بردن؟! هەروەها سزای فیرعەون وباقی نەتەوەكانی تری بەنی ئیسڕائیل لای بەڕێزتان شاراوە نیە!
كەوابوو ئەبێت خۆپارێز ولەخواترس وڕەفتار جوان بین ومافی خوا وخەڵك بەجوانی جێ بەجێ بكەین وسەرپێچی فەرمانەكانی خوا نەكەین، وئەگەر هەڵە وتاوانیشمان كرد دەست بەجێ پەشیمان ببینەوە وتەوبە بكەین ونائومێدیش نەبین لە بەخشین و لێبوردەیی خوا، وهەمیشە بڵێین: «اللّهُمَّ إنّ ذُنُوبي عِظامٌ وَهِيَ صَغِيرٌ فيِ جَنْبِ عَفْوِكَ يا كَرِيم! فَاغْفِرْها لِي)). خودایە بەڕاستی تاوانەكانی من گەورەن بەڵام لە پاڵ لێبوردەیی تۆدا بچوكن، ئەی خوای گەورە لەوانەم خۆشبە.
بەڕاستی مافەكانی خوا لەوە گەورەترن بەندەكان بتوانن پێی هەستن، نازونیعمەتەكانی لەوە زۆرترن بێنە ژماردن، بەڵام وا پێویستە بۆ ئێمە بە بەیانیانەوە، بە ئێوارانەوە، لە هەموو كاتێكدا تەوبەكاربین.
جا ئەم كتێبەی بەردەستتان هەوڵێكە لە لایەن بەڕێز: «مامۆستا عەلی خان»ەوە بۆ زیاتر دامەزراندنی موسڵمانان لەسەر تەوبەكردن وگەڕانەوە بۆلای خوا ودووركەوتن لە داخوازیەكانی نەفس وشەیتان. خوای گەورە پاداشتی خەیریان بداتەوە ولە هەموو خراپەیەك بیانپارێزیت.
وداواكارم خوێنەری بەڕێز سودمەند بێت بە زانین وكردەوە پێكردنیان. وصلى الله على محمد وآله وصحبه وسلم.
پێشەكی وەرگێر
إِنَّ الحَمْدَ للهِ نَحْمَدُهُ وَنَسْتَعِيْنُهُ وَنَسْتَغْفِرُهُ، وَنَعُوْذُ بِاللهِ مِن شُرُوْرِ أَنْفُسِنَا وَمِنْ سَيِّئَاتِ أَعْمَالِنَا، مَنْ يَهْدِهِ اللهُ فَلَا مُضِلَّ لَهُ وَمَنْ يُضْلِلْ فَلا هَادِيَ لَهُ، وَأَشْهَدُ أَنْ لا إِلَهَ إِلاّ اللهُ وَحْدَهُ لا شَرِيْكَ لَهُ، وَأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّداً عَبْدُهُ وَرَسُولُهُ. [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّـهَ حَقَّ تُقَاتِهِ وَلَا تَمُوتُنَّ إِلَّا وَأَنتُم مُّسْلِمُونَ ﴿١٠٢﴾] ( سورة آل عمران)، [يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُم مِّن نَّفْسٍ وَاحِدَةٍ وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا وَبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالًا كَثِيرًا وَنِسَاءً ۚ وَاتَّقُوا اللَّـهَ الَّذِي تَسَاءَلُونَ بِهِ وَالْأَرْحَامَ ۚ إِنَّ اللَّـهَ كَانَ عَلَيْكُمْ رَقِيبًا ﴿١﴾ النساء]، [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّـهَ وَقُولُوا قَوْلًا سَدِيدًا ﴿٧٠﴾ يُصْلِحْ لَكُمْ أَعْمَالَكُمْ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ ۗ وَمَن يُطِعِ اللَّـهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ فَازَ فَوْزًا عَظِيمًا ﴿٧١﴾ الأحزاب].
أَمَّا بَعْد: فَإِنَّ أَصْدَقَ الحَدِيْثِ كِتَابُ اللهِ، وَخَيْرَ الهَدْيِ هَدْيُ مُحَمَّدٍ صلى الله عليه وآله وسلم، وَشَرَّ الأُمُوْرِ مُحْدَثَاتُهَا، وَكُلَّ مُحْدَثَةٍ بِدْعَةٌ، وَكُلَّ بِدْعَةٍ ضَلالَةٌ، وَكُلَّ ضَلالَةٍ فِي النَّارِ.
سوپاس وستایشی بێ پایان بۆ خوای میهرەبان، سوپاسێك شایستە بێ بە جەلالەت و گەورەیی ئەو خوا مەزنە، سوپاس بۆ خوا لەسەر نیعمەتی ئەمن، لەسەر نیعمەتی ئەمان، لەسەر نیعمەتی وەرگرتنی تەوبەی تەوبەكاران. سوپاسێك فراوان بێ بە فراوانی فەزڵ و ڕەحمەتی، ئەو خوایەی كە تاك و تەنهایە، بێ شەریك، بێ ڕەفیق، بێ هاوەڵ، بێ هاوسەر، تەنیا لە ناوەكانیا، تەنیا لە سیفەتەكانیا، تەنیا لە زاتیا، تەنیا لە كرداریا، تاكە بێ نیاز، تاكە جێی نیاز، بێ نیاز بە هەموو مەخلوقات، جێی نیازی خەڵك و كەون و كائنات، نە لە كەس بووە و نە كەسی لێ بووە، زانا و ئاگادارە بەوەی بووە و بەوەی ئەبێ، بەوەی نەبوە و بەوەشی نابێ، گەر ببوایە چۆن دەبوو، بۆ نەبووە و بۆ نابێ؟
بەرزی و پیرۆزی و مەزنی بۆ ئەو خوایەی كە گەڵایەك لە دارەكەی بەر نابێتەوە مەگەر بە ئیزن و ئاگا و زانستی ئەو نەبێ، بەر ئەبێ یا بەر نابێ، كە بەریش بوو بەر كوێ ئەكەوێ.
سوپاس و ستایش بۆ خوای میهرەبان، لێخۆشبووی تاوانەكان، وەرگری تۆبەی تۆبەكاران، بە توند سزادەری كافران، واڵاكاری دەرگا لە بۆ پەشیمان بووەكان، ئاسانكەری هۆكارەكان لە بۆ تەوبەكاران.
شایەتی ئەدەم كە هیچ پەرستراوێك بە هەق شایستەی پەرستن نییە، تەنها الله نەبێت، هەر الله شایستەی پەرستنە و جگە لە وی هیچی تر شایستەی پەرستن نییە.
هەروەها صەلات و سەلام لەسەر پەیامبەری خۆشەویستمان، لەسەر خانەوادە و كەس و كارە پاك و بەڕێزەكان، لەسەر و هاوەڵە مەرد و جوامێرەكان، لەسەر شوێنكەوتووانیان بەچاك تا ڕۆژی پەسڵان، پاشان:
پاش سوپاس و ستایشی بێ پایان بۆ خوای خاوەن فەزڵبەخش و میهرەبان، و داواكردنی صەلات و سەلام لەسەر پەیامبەری بەڕەحمەت نێردراو بۆ سەرجەمی جیهانیان.
خوێنەری ئازیز ..
ئەمە چاپی پێنجەمی نامیلكەی: ((چۆن تەوبە بكەم؟))ـە، كە خۆی لە بنەڕەتدا نامیلكەی: ((كَيْفَ أَتُوب))ی ((دار الوطن)) و لە مەتویەیەكی بچوك پێكهاتوە، لە بارەی چۆنیەتی تەوبەكردنەوە.
سەرەتا بەڕێز م.جلیلی سایتی بەهەشت داوای لێكردم بابەتی ناوبراو وەربگێڕم، چونكە بەشێك لە سایتەكەی تەرخان دەكات لە بۆ باسی تەوبەكردن، منیش لەبەر بەجێگەیاندنی واجبی سەرشان و پڕكردنەوەی بۆشایی و گرنگی بابەتەكە و خۆشی ئوسلوبی دانەرەكەی، ڕۆیشتم بە دەم داواكاریەكەی بەڕێزیەوە، پاشان جەنابی مامۆستا عەبدوللەتیف و مامۆستا خەلیل ئەحمەد خوای مەزن پایەدار و پارێزراویان بكات -سەرباری سەرقاڵی و مەشغەڵەتیان- ئەركیان كێشا و پێداچونەوەیان بۆ كرد، فبارك الله في عمرهما وجزاهما الله عنا وعن الإسلام والمسلمين خير الجزاء.
ئیتر م.جەلیلیش ناوە ناوە و بەپێی خواستی خوێنەران هەڵدەستا بە چاپكردنەوەی -خوا پاداشتی خێری بداتەوە-.
بەڵام ئەمجارەیان دوای ئەوەی داوای لێكرابوو -هەروەها پەیوەندیشیان بە خۆمەوە كرد و داوایان لە خۆشم كرد- جارێكی تر بە چاپ بگەیەنرێتەوە. ئاگاداری كردمەوە و منیش پێم باش بوو بەڵام حەزمدەكرد پێداچونەوەیەكی بكرێ و هەندێك دەستكاری و زیاد و كەمی لێبكرێ، تا خوا فەزڵی بەخشی و دەرفەتی بۆ ڕەخساندین و ئەم نامیلكەیەی بەردەستی لێدەرچو، كە بە پشتیوانی و تەوفیق و عەونەتی خوای منەت بەخش ئەوەی كە بۆی زیادكرا گەیشتە زیاتر لە دوو ئەوندەی ئەسڵەكەی خۆی.
جا لەبەر ئەوەی خوای مەزن لە قورئاندا فەرمان دەكات بە سەرجەم موسڵمانان كەوا تەوبە بكەن و بگەڕێنەوە، و ئەفەرموێ: [وَتُوبُوا إِلَى اللَّـهِ جَمِيعًا أَيُّهَ الْمُؤْمِنُونَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ ﴿٣١﴾] [النور:٣١] ، واتە: (( تەوبە بكەن هەموتان ئەی ئیمانداران بەڵكو سەرفراز ببن )).
هەروەها بەندەكانی كردۆتە دوو بەشەوە: تۆبەكار و ستەمكار، و هەرگیز سێیەمی بۆ نیە، دەفەرموێ: [وَمَن لَّمْ يَتُبْ فَأُولَـٰئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ ﴿١١﴾] [الحجرات:١١]، واتە: (( و هەركەسێك تەوبە نەكات، ئا ئەوانەن ستەمكارەكان )).
هەروەها لەم ڕۆژگارەشماندا، خەڵك زۆر لە ئاینەكەی خوای گەورە دوركەوتونەتەوە، دەبینی سەرپێچی و خراپە و فەساد هەموو شوێنێكی گرتۆتەوە، تەنانەت وای لێهاتووە یەكێك نەماتەوە پرشی خراپەی بەر نەكەوتبێ، مەگەر ڕەحمی خوا.
بەڵام سوپاس بۆ خوا كۆمەڵێكی باش لە خەوی بێ ئاگایی و تاوان بێدار بوونەتەوە و هەستیان كردوە كە چەند كەمتەرخەمن لە ئاست خوای میهربان، بۆیە پەشیمان بوونەوە، هەندێكی تریش بێزار بوون لە ژیانی تەنگی و ناڕەحەتی و تەسكی، ئەوەتا بە دوای ڕێگەیەكدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لە تاریكستان دەربچن بەرەو نورستان، بەڵام لە ڕێگادا شتانێكیان دێتە پێش وا دەزانن ڕێگرە لە نێو ئەوان و تەوبەدا ..
جا ئەم نامیلكەیە كورتە باسێكە لەو بارەیەوە، داواكارم لە خوای بەخشندە و میهرەبان و قبوڵكاری تۆبەی تۆبەكاران، تەوبە لە من و ئێوە و هەموو موسڵمانێك قبوڵ بكات.
لە كاتێكدا ئەم نامیلكەیە دەخەمە بەردەستتان، خوا ئەزانێت چەند خۆم بە كەمتەرخەم دەزانم، چەند شەرم دەمگرێت لە بارەی تەوبەوە بدوێم، جارێك تەوبە دەكەین سەد جار تاوان دەكەین، جارێك بە فەرمانی خوای میهرەبان دەڕۆینە ڕێوە سەد جار شەیتان گۆڵمان دەدا. ئاخر تەوبەكردن پیشەی هەمیشەیی پێشینی چاك و پیاو چاكانمان بووە، بەرنامەی كاری ڕۆژانەیان بووە، هەربۆیە هەقی خۆی بوو پیاوی خۆی بێتە مەیدان و گوتاری خۆی بدات و لاپەڕەكان ڕەش بكاتەوە، هەر بۆیە پڕ بە دەمم ڕای دەگەیەنم: سوێند بە خوای مەزن ئەمە لە ڕوانگەی هەستكردن بە مەسئولیەتەوە نوسراتەوە نەك لە بابی ئەهلیەتەوە.
جا ئەم چەند دێڕە دیاری منە بۆ هاودەردەكانی هاوڕێم:
بۆ ئەوانەی بە دەست تاوانەكانیانەوە گیرۆدە بوون .. ؟!
بۆ ئەوانەی تاوانەكانیان بەندی كردون .. ؟!
بۆ ئەوانەی ستەمی زۆریان لە خۆیان كردوە .. ؟!
بۆ ئەوانەی زۆرێك لە تاوان ئەنجام دەدەن و كەمجار تەوبە دەكەن.. ؟!
بۆ ئەوانەی زۆرجار بڕیاری تەوبە كردن دەدەن.. بەڵام دوای دەخەن..؟!
بۆ ئەوانەی تاوانەكانیان لەو پەروەردگارە بە ڕەحمە دوری خستونەتەوە..؟!
بۆ ئەوانەی تاوانەكانیان بوە بە باعیسی دواكەوتنیان لە قافڵەی پیاوچاكان..؟!
بۆ ستەمكارێلێكی تاوانپیشەی ئەمسالی ئێمە.. ؟!
هەروەها بۆ:
ئەوانەی هیچ دەرگایەكی خراپە نەماوە لێیان نەدابێت..؟!
بۆ ئەوانەی لە تەمەنیان قورئانیان نەخوێندوە..؟!
بۆ ئەوانەی لە تەمەنیان سوژدەیەكیان بۆ خوا نەبردوە..؟!
بۆ ئەوانەی لە تەمەنیان تامی باوەڕیان نەچەشتووە..؟!
بۆ ئەوانەی ئەیانەوێت بە ڕاستی تامی ژیان بچەژن..؟!
بۆ ئەوانەی زۆر تاوانبارن، واشئەزانن چاكە كارن، و هیچیان نەكردوە..؟!
بۆ ئەوانەی بە دوای پڕكردنەوەی كەلێنەكانی ژیانیاندا ئەگەڕێن .. ؟!
بۆ ئەمانە و جگە لەمانیش.. ئەم دیاریە پێشكەش دەكەم ..
بە هیوای ئەوەی: پوچەڵكەرەوەی پیلانەكانی شەیتانە مرۆیی و جنۆكەییەكان بێت كە دەیانەوێت كەس تەوبە نەكات و ببنە بەربەستی ڕێی تەوبەكردن.
بە هیوای ئەوەی: ڕێنشیاندەری تاوانبار بێت بۆ چۆنێتی تەوبەكردن، ڕێنمایی كاری تەوبەكار بێت بۆ چۆنێتی بەردەوام بوون..
بە هیوای ئەوەی: ئەو ئاوە سازگارە ساردە بێت كە لە دوای گەرما و شەكەتیەكی زۆر دەخورێتەوە ..
بە هیوای ئەوەی: فێنكی دەرونەكان بێت ..
لە بیرت نەچێت عیبرەت بە ڕێكی كۆتاییە .. نەك كەموكورتی سەرەتا
دواكارم لە خوای گەورە سود بە من و برا و خوشكانم بگەیەنێت، ئەوەشی عەیبێكی تێدا دەبینێت بەخیلی نەكات لە ئامۆژگاری، ئەوەشی سودێكی لێدەبینێت دوعایەكی خێر بكات، بەسم بێت خوا دوعایەكی خێری یەكێكتان بۆ من قبوڵ بكات.
هەر هەق و ڕاستیەكیشی تێدا بینرا ئەوە تەنها لە خوای مەزنەوەیە و هەر ئەو خاوەن فەزڵ و بەخششە، هەرچیش جگە لەوەی تێدا بوو، ئەوە لە نەفسی خۆم و شەیتانەوەیە و خوا و پەیامبەرەكەی لێی بەرین.
پەناش دەگرم بەخوا لەوەی بە بیری ئێوەی بێنمەوە و خۆم لە یادی بكەم، والله أعلم. وصَلِ اللَّهُم عَلَى محُمَد خاتم النبيين وَآلِه وَالحَمْدُ لِله رَبّ العَالميِن.

0 تعليقات