وێنەکە ناو بازاڕی کۆیەو سەرای کۆن ساڵی ۱۹٥۸


 وێنەکە ناو بازاڕی کۆیەو سەرای کۆن ساڵی ۱۹٥۸

کۆیە لە ویلایەتەوە بـــــۆ گوندێکی گەورە :
لە ڕۆژی کۆیە شکۆو شارستانیەتی کۆ بگەڕێننەوە :
کۆیە لە ساڵی چلەکان پاڕکێکی مۆدێرنی هەبوو بە ناوی پاڕکی ( چوارباغ ) وە باغی پشوی ئێوارانی هەبوو کە پێشتر ئەو شوێنە بە گۆمی ( صەیان ) مەشهور بوو ، کۆیە کارگەی ( دۆشاوی تەماتە ) ی هەبوو ئێستا نیەتی ، کارگەی ( شەکری قەندی ) هەبوو ئیستا نیەتی چەند هوتێلێک یا میوان خانەیەکی هەبوو وەکو( ئوتێلی حاجی ڕەفیق - ئوتێلی عەباس شیلەیی – ئوتێلی دکتۆر صلاح – ئوتێلی عەزیزی مغدیدی قەساب ) ئێستا هیچ ئوتێلەکی نیە ، کۆیە چەند حەمامێکی هەبوو وەک ( حەمامی پیسکان – حەمامی ناوەند – حەمامی حەسەن ئاغا - حەمامی جمهوری – حەمامی ئاسۆ ) کە مێژوی دروست بوونی حەمامی پیسکان دەگەرێتەوە بۆ زیاتر لە ( ٢٠٠ ) ساڵ پێش ئێستا ، ئێستا یەک حەمامی داخراوی لێ یە ، کۆیە نزیکەی ( ٢٠٠ ) ساڵ پێش ئیستا ( خانی ) گەورەی هەبوو جگە لە ( خانی محمود ئاغای غەفوری - خانی قادری یاسین – خانی یا زبێد – خانی کاک فەتحی – خانی قەرەنی – خانی مام فەتحوڵا ) لەو خانانە وەکو میوانخانەیەک پێشوازی لە خەڵکی دێهاتەکان دەکرا بۆ نوستن و حەوانەوە ، ئێستا تەنیا ئاسەواری ڕوخاوی ( خانی محمود ئاغا ) ماوە . کۆیە لە ساڵی پەنجاکان دوو ( سینەما ) ی هەبوو ،
کۆیە سەیرانگای حەمامۆک و داری ( کەندەکۆخ ) قۆنگری و گۆمی زاهیران و گۆمی گەرموک و دیمەنی دڵگیرو جوانی (شیوی ڕەزانی ) هەبوو، کۆیەی سەدەی ڕابردوو سیمای شارو شارستانیەتی پێوە دیار بوو شەقامەکانی پڕ تاسە نەبوون کۆڵانەکانی وەکو ئیستا وێران نەبوون ، بازاڕو قەیسەری هەبوو ( ئۆرزدی کۆن ) ی هەبوو ، کۆیە سەنتەرێکی بازگانی گەورە بوو لە نێوان شارەکانی هەولێرو کەرکوک و سلێمانی و تا بگرە کرماشان و ڕۆژهەڵات ، کۆیە پردی گەورەی هەبوو وەکو ( پردی دەروێش خدر ) کە دیزاین و شێوەی جوانی ئەو پردە لە پردی دەلال دەچوو ، کۆیە چەندین سەرکردەو نوسەرو ئەدیب و شاعیرو زاناو فەیلەسوفی هەبوو ، شاری شەهیدان و بیری سەرهەڵدان و بزاڤی شۆڕشگێڕی بوو ، بەس زۆر بە داخەوە تاکو ڕاپەڕین ئەو شارە سیمای شارو شارستانیەتی پێوە دیار بوو دوای ڕاپەڕین و دروست بوونی حکومەتی کوردی گەورەترین زوڵم و غەدر لەو شارە کرا بوو بە شارێکی وێرانەو پشتگوێخراو خەڵکەکەی ڕۆژانە بە دەست کێشەی ئاوو کارەباو نەبونی خزمەتگوزاریەوە دەناڵێنێ ، گەنجەکانی ئەم شارە پارکێک نیە بۆ کات بەسەربردن و هەڵمژینی هەناسەیەکی ئارامی ، شەقامەکانی هەمووی بویتە قۆڵت و چاڵ ، ڕێگای هاتوو چۆکردنی ناونراوە بە ڕێگای مەرگ ، شوێنەوارە مێژوییەکانی هەمووی لە ناوچوون و ڕوخاون ، ئەوەی ماوە ناوو ناوبانگ و مێژوەکەیەتی کە لۆ دڵنەوایی خۆمان باسی بکەین و دڵی خۆمانی پێ بدەینەوە .
دە حاجی هەڵسەوە ئەمجارەش بڵێ :
لە مـــەیدانی بەهــــارا شارەکـەی کۆ
قوبەی کشمیری دا بەرشەق وەکو گۆ.

0 تعليقات