بە دەم ساڵیادی ئاوا بوونی ئەستێرەیەکی تری گەشی کوردستان


کاکی کاکان (عمر دەبابە)
{١٩٢٤ - ٢٩/١/١٩٩٢}
تێکۆشەری ناسراوی کورد و سەرکردەی لەمێژینەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد، عومەری سۆفی مستەفا کە لە ناو ھەڤاڵەکانی دا بە (کاکە دەبابە و کاکی کاکان) ناسرا بوو ساڵی ١٩٢٤ لە شاری کۆیە لەدایکبووە، ھەر لەوێش خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواوکردووە، دواتر چووەتە کەرکوک و لەوێ بووەَتە ئەندامی حزبی ھیواو پاشان ئەندامی کۆمەڵەی (ژ.ک) کە ناوەندەکەی لە شاری (سابڵاخ) بووە.
کاکە دەبابە رۆڵەیەکی جوامێرو ئازاو دڵسۆزو ڕووناکبیر بووە و خەمخۆرێکی کەم وێنەی دۆست و ھەڤاڵەکانی بووە، بۆیە نازناوی کاکی کاکان-یان بەسەردا بڕیوە، لە ژیانی کوردایەتی دا دلێرو ئازا و لەخۆبردوو بووە و ھەمیشە لە ریزی پێشەوەی خەبات و رۆڵەی کارە گرنگ و نھێنیەکانی بوو، ساڵی ١٩٤٣-١٩٤٤ چۆتە کولێژی ئەندازیاری لە بەغداو ھەر لەوێش بووەَتە ئەندامی حزبی (رزگاری).
لەدامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردی عێراق دا بۆتە ئەندامێکی چالاکو کۆڵنەدەری پارتی و لە ھەموو چالاکی و کۆبونەوەو ئاھەنگەکانی نەورۆزو خۆپیشاندانەکانی شاری (بەغدا) دا شۆڕِە سواری مەیدانەکان بووە و بەئازایەتی و خۆڕاگریی ناوی دەرکردووە.
لە خۆپیشاندانەکانی (وەسبەی کانوونی دووەمی ١٩٤٨) دا کە ئەوسا لە قۆناغی سێھەمی کولیەی حقوقی بەغدا بووە، قارەمانی خۆپشاندەرەکان بوو، لەڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندەران دا وەک دەبابە دڕی بەپۆلیس و جاسوسەکانی میری دەدا و خۆپیشاندانەکانی بۆ پێشەوە دەبرد.
لە خۆپیشاندانی کانوونی دووەمی ١٩٤٩ دا گیرا و درا بەمەحکەمەی عورفی و ساڵێک حوکمدراو ماوەکەی لەزیندانی (کوت) بردە سەر، پاش تەواوکردنی ماوەی زیندانیەکەی دەچێتەوە کولیەی حقوق و لەساڵی ١٩٥١-١٩٥٢ تەواوی دەکات و دەبێتە پارێزەر.
لە کۆنگرەی سێیەمینی پارتی دا کە لە کانوونی دووەمی ١٩٥٣ لەکەرکووک بەنھێنی بەسترا، بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ھەڵبژێردراوە، کاکی کاکان لە ھەموو شاڵاوە رەشبگیرییەکانی رژێم دا بەر لافاو و شاڵاوی گرتن و راونان و نەفیکردن کەوتووە.
لەدوای شۆڕشی چواردەی تەمموزی ١٩٥٨ لە کەرکوک لێپرسراوی رێکخستنەکانی پارتی و ھەڵسوڕێنەری رێکخراوە دیموکراتەکانی کرێکاران و لاوان و خوێندکاران و ژنان بووە. زۆر بەپەرۆشەوە ھەوڵی خزمەتکردنی ئەو خێزانە بارزانیانەی داوە کە ئاوارە و دەربەدەربوون، یان لە زیندانەکان دا دەچەوسێنرانەوە بەمەش بووە خۆشەویستی خودانی بارزان شێخ ئەحمەدی بارزانی کە لە دوای رزگاربوونی لەزیندان لە کەرکوک لەماڵی کاکە دەبابە میوان بووە.
لە سەرەتای ساڵی ١٩٦١ گیراوە و بەڵام توانیویەتی لەزیندان خۆی دەربازبکات و دەستبداتە خەباتی نھێنی و ئینجا خەباتی چەکداری کە لە شۆرشی ئەیلوول-دا دەورێکی گرنگی ھەبووەو بووەتە لێپرسراوی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ناوچەی پارێزگای ھەولێر. ئیتر ھەتا کۆتایی شۆڕشی ئەیلوول کاکە دەبابە قارەمانێکی نەبەزی شۆڕشەکەو پاڵەوانی زوربەی داستانەکان بووە.
لە ساڵی ١٩٦٩دا بووەتە خاوەنی رۆژنامەی (النور) و سەردانی ووڵاتانی دەستپێکردوە چووەتە ئەڵمانیای دیموکرات و میسرو سودانو لبنان و سوریە و ...ھتد.
لەدوای ھەرەسھێنانی شۆڕشی ئەیلوول چووەتە ئێرانو لەوێ زۆر زوو گەڕاوەتەوە عێراق.
لە ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان دا خۆی گەیاندۆتە شاخەکان و لەگەل شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید) لە قەندیل دەست دەکەن بە لێدانی زەنگی شۆرشی چەکداری هەروەها دەورێکی گرنگیشی ھەبوو لە دامەزراندنی بزووتنەوەی سۆشیالیستی کوردستان دا کە تاکو کارەساتی هەکاری بە بەهێزترین باڵی یەکیێتی دادەنرا هەر بۆیەش ئەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک و ماوەیەک ئەچێتە شام و کۆمەڵێک چەک ئەنێرێتەوە بۆ شۆڕشە نوێکە و لەگەل کوردانی رۆژئاواش پەیوەندیەکی تووند و تۆل دروست ئەکات. بەڵام بەھۆی نەخۆشی دڵەوە رێگەی پێدراوە کە بچێتە ئەوروپا بۆ درێژە پێدانی خەباتی سیاسی لەوێ، لەدوای راپەرین وەک ئەندامێکی لیژنەی باڵای بەرەی کوردستانی و سەرۆکی مەحکەمەی باڵای شۆڕش خزمەتیکردووە، ھەروەھا لە گەشەپێدانی راپەرین و ی.ن.ک و بەرەی کوردستانی دا دەورێکی دیاری ھەبووە.
لە خۆسازدانیش دا بۆ کۆنگرەی یەکەمی ی.ن.ک باڵادەست بوو، بەڵام لەناو ھۆڵی کۆنگرە لە رۆژی ٢٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٢ دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و کۆچی دوایی کرد.
0 تعليقات