یەکەم کۆنفراسی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوو

یەکەمین کۆبوونەوەی گشتی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی، سەرکەوتووانە کۆتاییهات. دوای چوار ساڵ لە هەوڵ و کاروچالاکیەکانی، ڕۆژی شەممە 27.04.2024 تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی، یەکەمین کۆبوونەوەی گشتی خۆی لە شاری سلێمانی سازکرد. ئەم کۆبوونەوەیە بە بەشداری زیاتر لە 70 کەس لە ئەندامان و میوان لە شارەکانی، هەولێر، سلێمانی، کەڵەکچی، کۆیە، کەلار،ڕانیە، هەڵەبجە هەروەها بەشداری چەن کەس لە ووڵاتانی،فینلەدا، سویسرا، ئەڵمانیا، دانیمارک وە بەشداری نزیک بە 20 کەس لە دەرەوەی کوردستان لە ڕێگەی بەرنامەی ڕاستەوخۆوە بەڕێوەچوو. سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ساتێک ڕاوەستان بۆ تەواوی قوربانیانی (پەتای کۆرۆنا) و بە تایبەت هاوڕێ و ئەندامی چالاکی تۆڕەکەمان (سالاری ئاسنگەر) دەستیپێکرد. ووتەی دەسپێک و کردنەوەی کۆبوونەوەی گشتی لە لایەن (ئەحمەد عەلی) بەرپرسی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتیەوە پێشکەشکرا. دواتر ڕاپۆرتی کاروچالاکیەکانی تۆڕەکە لە لایەن (عەزیز شەریف)ەوە خوێنرایەوە، پاشان، بەرپرسی تۆڕی هەر شارێک ڕاپۆرتی چالاکیەکانی خۆیان بە کۆبوونەوەکەدا. لەو چوارچێوەیەشدا( عومەر حەمە عەلی) ڕاپۆرتێکی کورتی کارەکانی تۆڕی هاوکاری تەندروستی پێشکەش کرد. لەم بەشەدا ئەندامان و میوانەکان بۆچوون و ڕاو سەرنجەکانی خۆیان بەیان کرد و وەڵامی سەرجەم پرسیار و پێشنیارو ڕەخنەکانیان وەرگرتەوە و لە ئاستێکی باڵای بەرپرسیارێتیدا گفتوگۆیان لە بارەوە کرا. لە بەشی دووهەمی کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆرتێکی وێنەیی کە کاروچالاکی هەموو تۆڕەکانی نیشاندەدا، لە ڕێگەی سلایدەوە نیشانی ئامادەبووان درا. پاش ئەوە ڕۆشنکردنەوە و پێویستی و لایەنە پۆزەتیڤەکانی پەیڕەوی ناوخۆی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی لە لایەن (بەها عومەر)ەوە قسەوباسی لە سەر کرا و گفتوگۆی چڕوپڕی لە بارەوە کرا. لەبەشی ئاراستەو نەخشەکاری داهاتووی تۆڕەکاندا: -پێویستی ڕێکخستنەوەی هەیکەلەی تۆڕەکان بە شێوەیەکی کارا و بەشداری و نەخشی بەرچاوی ئەندامانی تۆڕەکان لە ئەرکەکاندا. -گرنگی پێدان بە ئەزموونی هەلی کارو فێرگە. -بنیادنانی سندوقەکانی هاوکاری لە هەموو شارەکاندا. -پێویستی پەرپێدانی ڕاگەیاندنێکی کاراو بەهێز. -تۆکمەکردنەوەی کاروباری دارایی بەشێوەیەکی مۆدێرن. -پەرەپێدانی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەل ئۆرگانە پەیوەنددارەکاندا . -فراوانکردنەوەی تۆڕەکان و بە ئەنجامگەیاندنی مۆڵەتی کار. -ڕێکخستنی دەستەی سەرپەرشتیاری ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان لە یەک دەستەدا. وە کۆمەڵێک کار و هەوڵیتر قسەوباسیان لە بارەوەکرا. لە بەشی بڕیارنامەکاندا کۆبوونەوەی گشتی بە کۆی دەنگ دەستەی سەرپەرشتیاری تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی ڕاسپارد، کە ئەنجامگیری هەموو بابەت و بریارو پێشنیارەکانی کۆبوونەوەی گشتی لە ماوەی داهاتوودا بکات. لە کۆتاییدا ( ئەحمەد عەلی) ووتەی کۆتایی کۆبوونەوەی گشتی پێشکەش کرد و تیایدا سوپاسی هاوڕێیانی بەشداربووی کرد کە ڕێگەیەکی دووریان بڕیووە تا گەیشتوون بە ئێرە، ستایشی هەوڵ و ماندووبوون و دەوری بەرچاوو کاریگەری ئەوانی لە سەرکەوتنی کۆبوونەوەکە و ڕاگرتنی تۆڕی هاوکاری کۆ مەڵایەتی لە چوار ساڵی ڕابوردوودا، کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە دەورەی داهاتوومان، دەورەی بەهێزکردنی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی ئەبێت. بەم جۆرە کۆبوونەوەی گشتی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی دوای شەش کاتژمێر، لە کەشێکی هاوڕێیانە و بە ئومێدێکی گەورەو لە نێو شۆڕوشەوقی بەشداربوواندا کۆتایی بە کار و ئەرکەکانی خۆی هێنا. تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی 29.04.202

0 تعليقات